٢١ ئایار ٢٠٢٥ - ١٩:١٩
Source: Mehrnews
پارێزگاری سلێمانی: دەبێت پەیوەندی تاران و بەغدا بۆ بەفەرمی ناسینی سەیرانبەند بەکاربێنین

دوکتۆر هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە کێشەی دەروازەی سنووری سەیرانبەندی بانە وتی: با تاران بەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ بەغدا هەیەتی ئەم کێشە چارەسەر بکات.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە کۆبوونەوەی کۆتایی کۆڕبەندی سنە لە نێوان پارێزگارانی هەرێمی کوردستان و پارێزگا هاوسنوورەکانی دیوی ئێران، پارێزگاری سلێمانی لە وەڵامی پرسیاری هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە ئەوەی کە بۆچی حکوومەتی ناوەندیی عێڕاق سنووری سەیرانبەندی بانە بە فەرمی ناناساێت، وتی: ئەو سنوورە لەلایەن ئێران و هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی ناسراوە و ئێمە هاتوچۆمان هەیە و هەناردە و هاوردەی کاڵا بە شێوەی سنوودار ئەنجام دەدرێت بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە دەبێ لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بە فەرمی بناسرێت کە بەداخەوە ئەو کارە ناکات.

دوکتۆر هەڤاڵ ئەبووبەکر وتی: حکومەتی ناوەندی عێراق دان بە مەرزی سیرانبەند – بانەدا نانێت.
ڕاشیگەیاند: سەرەڕای دانپێدانانی سنووری سەیرانبەندی بانە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانەوە، هێشتا حکوومەتی ناوەندیی عێراق دان بەم سنوورەدا نانێت و بە فهرمی نایکاتەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە گرنگی ئەم سنوورە بۆ بازرگانی و ئابووری ناوچەیی، داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بە کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق هەنگاو بۆ بە فەرمی کردنی ئەم سنوورە بنێت.
جەختیشی کرد: بە فەرمی کردنی ئەم سنوورە دەتوانێت ببێتە هۆی فراوانبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقیش.
زیادیشی کرد: سیرانبەند یەکێکە لە گرنگترین سنوورە هاوبەشەکانی نێوان ئێران و ناوچەکە، دەرچوونیشی لە پێگەی نیمچە فەرمی و پەرەپێدانی چالاکییەکانی سوودی بۆ هەردوولا دەبێت.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە گەمارۆکانی سەر ئێران، پەرەپێدانی چالاکییەکانی ئەم سنوورەی بە قازانجی ئابووری بەرچاو بۆ وڵات زانی و ئاماژەی بەوەدا کە تا ئاسانکاری پێویست بۆ گەشەی ئەم سنوورانە دابین نەکرێت، کاری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ناگاتە ئەنجامی باش و بەرچاو.

Your Comment

You are replying to: .
captcha